لە سلێمانی رێكاری پێویست بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون گیراوەتەبەر و تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی توشبون بە نەخۆشییەكە تۆمار نەكراوە .

د. سامان عومەر پزیشكی ڤێتەرنەری پێشكەوتوو لە كوشتارگەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند ، لە چوارچێوەی ئەو رێكارانەی بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون گرتویانەتەبەر ، رۆژانە پیش سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكەن و هەر ئاژەڵێكیش گومانی توشبونی بە تای خوێن بەربون لێبكرێت سەر نابڕێت،  تا دوای ئەوەی چارەسەری تەواو وەردەگرێت و دڵنیا دەبنەوە لەوەی كە نەخۆشییەكەی نەماوە.

داواشی كرد هاوڵاتیان گۆشت لەسەر شەقامەكان و گۆشتی بێ مۆر نەكڕن و لە كاتی لێنانیشیدا رێكاری پێویستی پاكو خاوێنی بگرنەبەر و تا رادەیەكی زۆر باش گۆشتەكە بكوڵێندرێـت . 

بەپێی سەرچاوە تەندروستییەكانیش ، تا ئێستا لە سلێمانی هیچ حاڵەتێكی توشبون بە تای خوێنبەربون تۆمار نەكراوە .