پۆلیسی راپەڕین بڵاوی کردەوە کە بە تاوانی دزینی بڕێکی زۆر پارە لە هاووڵاتیەک تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە.

بەپێی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە 15ـی نیسانی 2025 هاووڵاتییەک کە دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕینە، بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک سەردانی شاری رانیەی کردووە، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە بڕی سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی و حەوت ملیۆن دیناری عیراقی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی لێدزراوە.

هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن کە دەرکەوت لە دایکبووی ساڵی 1985ـە و خەڵکی شاری رانیەیە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات دەژی.

راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد کە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا دەست بەسەر بڕێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە.

هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئاشکراکراوە کە تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر دوو جار بە تۆمەتی دزیکردن سزادراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.