رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، روسیا زانیاری هەواڵگری داوەتە ئێران و ئامانجەکانی بۆ تاران دیاریکردووە.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکی نهێنیدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تا ئێستا، روسیا زانیاریی هەواڵگریی هەستیاری لەسەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە بەردەستی ئێران.
سێ لێپرسراوی باڵا کە ئاگاداری راپۆرتە نهێنی و هەواڵەگرییەکانن بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان راگەیاندووە، مۆسکۆ شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بۆ تاران دیاری کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم زانیارییانە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئێران بووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمە یەکەمین نیشانەیە کە دەری دەخات زلهێزێکی تری جیهانی و نەیارێکی گەورەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لەم ململانێیەدا.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی سەربازی لە ناوەندە لێکۆڵینەوە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو وردکارییە زۆرەی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەبینرێت، بەرهەمی هاوکارییە هەواڵگرییە بۆشاییەکانی روسیایە.
دارا ماسکۆت، شارەزا لە کاروباری سەربازیی روسیا لە "دەزگای کارنیگی بۆ ئاشتی"، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بە شێوەیەکی زۆر ورد رادارەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، سیستمی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، تەنانەت جوڵەی کەشییە جەنگییەکانیشی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەست ئێران کەوتووە..
بەهۆی ئەوەی ئێران خاوەنی تۆڕێکی تەواوی مانگە دەستکردە سەربازییەکان نییە، پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە، روسیا وێنەی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی خۆی دەداتە تاران کە زۆر وردترن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مۆسکۆ ئەو شارەزاییەی لە شەڕی ئۆکراین لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بەدەستی هێناوە، ئێستا بۆ لێدانی هێزەکانی ئەمریکا پێشکەشی ئێرانی دەکات.
لەلای خۆشیەوە، نیکۆڵ گرایفسکی، توێژەر لە زانکۆی هارفارد، دەڵێت: "هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێران ئاستێکی بەرزی پێشکەوتنیان پێوە دیارە، تاران توانیویەتی لە هەندێک شوێندا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ببڕێت، ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی هێزدا."
هاوکات، ئەم جوڵە هەواڵگرییە و نهێنییە بووەتە مایەی نیگەرانیی قووڵی کۆشکی سپی، چونکە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا دروست دەکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دروستبوونی بەرەیەکی نوێی جیهانی (روسیا-ئێران) دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن، تا ئێستا لێپرسراوانی ئەمریکا بە رەسمی لێدوانیان لەسەر ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە نەداوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە واشنتن ناچار دەکات بە ستراتیژیی خۆیدا بچێتەوە.