عیراق هاوردەکردنی بەنزینی بۆ نیوە کەمکردوەتەوە
رەوەز
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
بەپێی راگەیاندنی فەرمی لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، عیراق توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین ببەستێت و هاوردەکردنی دەرەکی کەم بکاتەوە.
حسێن تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی رەسمی هەواڵی عیراقی رایگەیاند: "عیراق سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە خۆبژێوی تەواو لە بەرهەمهێنانی نەوتی سپی و گازی سروشتیدا، هەروەها توانیویەتی لە بەرهەمی بەنزینیشدا بگاتە ئاستی نیمچە خۆبژێوی."
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راگەیەندراوەکەدا خراونەتەڕو، عیراق لە ئێستادا تەنیا رۆژانە پێنج بۆ شەش ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات، لە کاتێکدا پێشتر ئەم رێژەیە دەگەیشتە نزیکەی 12 بۆ 15 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا، کە ئەمەش کەمبوونەوەیەکی نزیکەی 60% لە رێژەی هاوردەکردندا نیشان دەدات.
حسێن تاڵیب جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی ئەو بەنزینەی ئێستا هاوردە دەکرێت، لە جۆری موحەسەنە، هەروەها روونیکردەوە هۆکارى کەمبونەوەی هاوردەکردنی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ باشترکردنی توانای پاڵاوگەکان و زیادکردنی بەرهەمی رۆژانە لە ناوخۆدا.
چەند زانیاریەک دەربارەی کەرتی نەوت لە عیراق:
-عیراق خاوەنی پێنجەمین گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا بە نزیکەی 145 ملیار بەرمیل.
-لە ساڵانی دواییدا، عیراق گرنگییەکی زۆری داوە بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی پاڵاوگەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن.
-پاڵاوگەکانی بەیجی، بەسرە، و دۆرا لە بەغداد، گرنگترین پاڵاوگەکانی نەوتن لە عیراق کە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین دابین دەکەن.
-پلانی ستراتیژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئامانجی گەیشتنە بە خۆبژێوی تەواو لە بەرهەمی بەنزیندا تا کۆتایی ساڵی 2026.
-لە ساڵی 2023دا، عیراق نزیکەی 4.5 ملیار دۆلاری خەرج کردووە بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم بڕە لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 40% کەم ببێتەوە.