خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە تورکیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەردەوامە و شەوی رابردوو گرژی تێکەوت و بە دەیان کەس دەستگیر کراون.

ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندان لە تورکیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بەردەوامە، کە لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی توركیا بە بیانوی گەندەڵی و هاوكاریی تیرۆر و چەند تۆمەتێكی دیكە، تاوەکو ئێستا ئیمامئۆغڵو و 100 لێپرسراو و ئەندامی جەهەپە دەستگیركراون.

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ عەلی یەریلکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ 37 کەسیان دەستگیر کردووە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتی هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە، هەژماری فەرمی ئیمامئۆغڵو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوا لە هاووڵاتیان دەکات بێدەنگ نەبن و دژی ئەو رەوشە بوەستنەوە کە لە تورکیا سەری هەڵداوە.

دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرا لە چەند رۆژی داهاتوودا وەک بەربژێری رەسمی پارتی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و رکابەری ئەردۆغان دیاری بکرێت.

دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو توڕەیی زۆری هاووڵاتیانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و زۆربەیان پێیان وایە بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هەوڵی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە هەیە.

لە بەرانبەریشدا، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و جەخت لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی کاری دادگاکان دەکاتەوە.