وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر هەڕەشەئامێزە تا دەرفەتێکی دیپلۆماسی و بەم زووانە وەڵامی فەرمی دەدرێتەوە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمی وڵاتەکەی، رەخنەی لە ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ گرت و گوتی: "وا باس دەکرێت ئەم نامەیە دەرفەتێکی باشە بۆ پەیوەندییەکان، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە لە هەڕەشەوە نزیکترە تا دەرفەت".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکەی خەریکی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی نامەکەن و دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، بە زووترین کات وەڵامی فەرمی دەدرێتەوە.

گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی تاران لە قۆناغێکی نوێدایە. لە 7ـی 3ـی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد، کە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی.

ترەمپ لەو چاوپێکەوتنەدا گوتی: "لە نامەکەدا داوام کردووە کە ئێران بێت و دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆمی بکات، چونکە ئەمە تاکە رێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت".

سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریشی دا کە "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن چەکێکی تری ئەتۆمی دروست ببێت" و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە: یان رێگەی سەربازی یاخود رێگەی رێککەوتن. ترەمپ گوتیشی کە ئەو رێگەی رێککەوتنی پێ باشترە "چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم".