بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ دەستگیرکرا و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکە دەرچووە.

ئیمامئۆغڵو، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لە کاتی دەستگیرکردنیدا تۆماریکردووە دەڵێت، سەدان  پۆلیسیان ناردەوەتە سەر ماڵەکەم، بەڵام من خۆم رادەستی میللەت دەکەم، دەشڵێت؛ رووبەڕووی ستەمکارییەکی گەورە بوومەتەوە، بەڵام دەمەوێت بزانن من وازناهێنم.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوەتەوە، لەچوارچێوەی دۆسییەکانی لەلایەن داواکاری گشتییە کراونەتەوە، بەتۆمەتی "تیرۆر، گەندەڵی و بەرتیلدان" ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و دەیان کەسی دیکە دەستگیرکراون

پارێزگاری ئەستەنبوڵیش رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی نەزمی گشتی لە پارێزگاکە و ڕێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە کە لەوانەیە سەرهەڵبدات، هەموو جۆرە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی لە نێوان 19-23ی ئازاردا قەدەغە کراوە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو  کاندیدی ئۆپۆزسیۆنە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتریش بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن" بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی و قەدەغەکردنی چالاکییە سیاسییەکانی بەسەردا سەپێنرابوو.