ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی لەگەڵ دروزییەکان ئیمزاکرد
محەمەد رزگار
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا رێککەوتنێکی لەگەڵ دروزییەکان و کەسایەتییەکانی پارێزگای سویدە ئەنجامدا و ئامانج لێی تێکەڵکردنی ئەو پارێزگایە بە تەواوی لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا.
بەپێی سەرچاوەکانی سکای نیوز، رێککەوتنەکە چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، دیارترینیان پەیوەستبوونی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی سویدەیە بە وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە.
هەروەها لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە کارمەندانی پۆلیسی ناوخۆیی لە سویدە خەڵکی پارێزگاکە دەبن.
لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا، لە رێککەوتنەکەدا مەرجی ئەوەشی بۆ دانراوە کە حکومەتی سوریا پارێزگار و سەرۆکی پۆلیس لە سویدە دیاری دەکات و خەڵکی پارێزگاکە دەبن.
ئەم رێککەوتنە دوای رۆژێک دێت لە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەک بۆ یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا.