لیژنەی لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی سوریا: كار لەسەر سەرجەم بەڵگەكان دەكەین
لاڤە
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی سوریا رایگەیاند، كار لەسەر سەرجەم بەڵگەكان دەكەن و لیژنەیەك رەوانەی شوێنی روداوەكان دەكەن.
یاسر فەرحان وتەبێژی ئەو لیژنەیە رایگەیاند، كەسانی پسپۆڕ دادەمەزرێنن بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی كەناراوەكانی سوریا و كارەكانی لیژنەكەش بە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا دەستیپێكردووە.
وتیشی، كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەكان و دیاریكردنی شایەتحاڵەكان و ئەو پێگە و شوێنانەی كە پێویستە سەردانیان بكەن، هەروەها لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆییانە دەكەن كە لەسەر روداوەكانی ئەم دواییەی سوریا بڵاوكراونەتەوە.
جەختیشی كردەوە لەوەی، رێگەنادەن تاوانباران لە سزا دەربچن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش پێشكەشی سەرۆكی سوریا و دادگا دەكەن.
بەپێی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، لە شەشی ئەم مانگەوە زیاتر لە هەزار و 400 كەس لە ئەنجامی توندوتیژییەكان و پێكدادانەكانی هێزەكانی حكومەت و گروپە چەكدارەكان لە كەناراوەكانی سوریا كوژراون، بە تایبەت لە شارەكانی تەرتوس و لازقیە.