وەزارەتی بەرگری سوریا کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی لە کەناراوەکانی سوریا راگەیاند
١٠ی ئازاری ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگری سوریا کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی لە کەناراوەکانی سوریا راگەیاند و دەڵێت: ئەو ئامانجانەی بۆ ئەم قۆناغە دامان نابوون بەدەستمان هێنان.
عەقید حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا، رایگەیاند: " توانیمان سەرکەوتوبین لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەمان دابوو بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکان و سەرکەوتنی پیاوەکانمان رادەگەیەنین.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا وتیشی، " توانیمان هێرشی گروپە چەکدارەکان تێکبشکێنین و لە ناوەندە گرنگەکان دووریان بخەینەوە و زۆربەی ئەو ڕێگا گشتییانە بگرینەوە، کە چەکدارەکانی سەر بە ئەسەد لێیانەوە خەڵکی مەدەنی و بێتاوانیان لێکردە ئامانج".
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، "ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە بۆ ئەو ئامانجانەی پێشتر باسمان کرد دەستیپێکردبوو کۆتایی هات، دوای ئەوە دامەزراوە گشتییەکان دەتوانن دەستبکەنەوە بە کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەخەڵکی وڵاتەکەمان".
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا جەختیشی کردەوە کە، ئێمە دەرفەتی تەواو دەدەین بەو لیژنانەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکان راسپێردراون و کاردەکەین بۆهێنانەدی دادپەروەری بۆ ستەملێکراوان.