بەحرەین و کوەیت رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە
سەوسەن سەید
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتی بەحرەین وکوەیت رایانگەیاند، کە وڵاتەکانیان رووبەڕووی هێرشی ئێرانی بوونەتەوە، هاوکات سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی چالاک کراون و هۆشداریش دراوەتە دانیشتووان بۆ پابەندبوون بە رێنماییەکانی سەلامەتی.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، داواشی لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە کە ئارامگری بپارێزن و روو لە نزیکترین شوێنی ئارام بکەن، هاوکات لەڕێگەی کەناڵە رەسمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکەن.
لە کوەیتیش، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپا رایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئێستادا بەرپەرچی هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوژمنکارییەکان دەدەنەوە، کە وەک خۆی وەسفی کردووە دوای "دەستدرێژییە ناڕەواکەی ئێران" هاتوو.
سوپای کوەیت روونیشیکردەوە: ئەو دەنگی تەقینەوانەی دانیشتووان دەبیستن لە ئەنجامی کردە سەربازییەکانی بەرگریی ئاسمانییەوەیە بۆ رێگریکردن لە هێرشە هاتووەکان، داواشی لە هەمووان کردووە بە رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پابەند بن.


