ئاماری كوژراوانی شەڕ و پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا هەزار كەسی تێپەڕاند، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكەشەوە هەزاران كەس ئاوارەی لوبنان بوون.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوایین ئاماریدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كوژراوانی مەدەنی شەڕ و پێكدادانەكانی ناوچە كەنارییەكانی سوریا گەیشووەتە 745 كەس، هاوكات 148 كەس لە چەكدارانی عەلەوی و 125 كەسیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانی سوریا كوژراون. 

هاوكات لە ئەنجامی شەڕی نێوان چەكدارە عەلەوییەكان و هێزە ئەمنییەكانی ئیدارەی نوێی سوریا و گروپە چەكدارەكان، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی ناوچە كەنارییەكانی خۆرئاوای سوریا ئاوارەی پارێزگای عەكاری لوبنان بوون كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەلەوین، تاكو ئێستاش بەهۆی نەبوونی ئاسایشەوە پێنج گوندی لازقیە چۆڵكراون.