یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئاڵۆزییەکانی سوریا هاتە دەنگ
راهۆز
٨ی ئازاری ٢٠٢٥
یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند ئیدانەی هەر هەوڵێک دەکەین کە دژ بە سەقامگیری و تێکدانی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتە لە سوریا.
لە نوێترین کاردانەوەیدا یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردەوە، داوا لە هەموو لایەنە دەرەکییەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگرن.
لە راگەیەندراوەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە: پێویستە خەڵکی مەدەنی لە هەموو بارودۆخێکدا بپارێزرێن و ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەوترێت لەلایەن لایەنگرانی ئەسەدەوە کراوەتە سەر هێزەکانی حکومەتی کاتی لە کەناراوەکانی سوریا.
لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و گرووپە چەکدارە عەلەوییەکان لە پارێزگای لازقییە و ناوچەکانی جەبەلە و قەرداحە و ناوچە کەناراوییەکانی سووریادا روویاندا و لە دواین ئاماریدا روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ شەممە، وتی، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە 532 هاوڵاتیی عەلەوی مەدەنی، کوژراون.
یەکێتی ئەوروپا لە 27 وڵاتی ئەندام پێکدێت کە بریتین لە:
1. ئەڵمانیا
2. فەرەنسا
3. ئیتاڵیا
4. ئیسپانیا
5. پۆڵەندا
6. ڕۆمانیا
7. هۆڵەندا
8. بەلجیکا
9. یۆنان
10. چیک
11. پورتوگال
12. سوید
13. هەنگاریا
14. نەمسا
15. بولگاریا
16. دانیمارک
17. فینلەندا
18. سلۆڤاکیا
19. ئیرلەندا
20. کرواتیا
21. لیتوانیا
22. سلۆڤینیا
23. لاتڤیا
24. ئیستۆنیا
25. قوبرس
26. لوکسەمبۆرگ
27. ماڵتا
بەریتانیا پێشتر ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بوو، بەڵام لە ساڵی 2020 بە فەرمی لە یەکێتی ئەوروپا کشایەوە (برێکسیت)