فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق لیژنەیەكی باڵای بۆ لێكۆڵینەوە لە قاچاخچێتی نەوت پێكهێناوە و وەزیری نەوتیش دەڵێت چاوپۆشی لە هیچ كەسێك ناكرێت.

باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، كۆنترۆڵكردنی دۆسێی نەوت و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت لە چەندین شوێن و ناوچەی عیراق، تەنها بە وەزارەتی نەوت ناكرێت و پێویستیان بە هەماهەنگی و هاوكارییەكی تەواوی سەرجەم هێزە ئەمنییەكان هەیە.

وتیشی، پێویستە وەزارەتی دارایی عیراقیش بودجەی پێویست تەرخان بكات بۆ دابینكردنی سیستمە پێشكەوتووەكانی تایبەت بە چاودێریكردن كە پێش هەر پێشلێكارییەك، ئەو سیستمانە ئاگاداركردنەوە بڵاودەكەنەوە.

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشكرد، عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق لیژنەیەكی باڵای بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە دۆسێی قاچاخچێتی نەوت پێكهێناوە و بڕیاریشیداوە چاوپۆشی لە هیچ كەسێك و لایەنێك نەكرێت و هەركەس و لایەنێكیش لەو دۆسێیە تێوەگلابێت، بدرێتە دادگا بۆئەوەی سزا بدرێت.