کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نووسراوێکی تایبەت بە راگرتنی پشکی سوتەمەنیی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە، بڕیارەکە پشکی غازی ماڵان و نەوتی سپیی هاووڵاتییانی هەرێم ناگرێتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا هاتووە، "سەبارەت بە نووسراوی ژمارە '22474' کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و تایبەتە بە راگرتنی پێدانی سوتەمەنی بە کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانین روونی بکەینەوە کە ئەو بڕیارە ئەم لایەنانەی خوارەوە ناگرێتەوە: یەکە غازی شل (غازی ماڵان) کە بۆ هاووڵاتییان و کارگەکانی غازی شل لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. دووەم نەوتی سپی کە بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت."

سەبارەت بە چارەنووسی پشکی ئەو کارگە و کۆمپانیا پیشەسازییانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، پشکەکانیان بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە و دوای پێشکەشکردنی نوسراوێکی پشتگیری لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی/ بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە، پشکەکانیان بۆ خەرج دەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، مەرجی ئەو پشتگیرییە ئەوەیە کە بسەلمێنرێت مۆڵەتی دامەزراندن و رەزامەندییە یاساییەکانی ئەو کارگانە دروستن، کارگەکان لە کارکردن بەردەوامن و ئەو بەرهەمە نەوتییەی وەریدەگرن بە شێوەیەکی کرداری وەک کەرەستەی خاو لە بەرهەمهێناندا بەکاری دەهێنن.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان جەخت لە پەرۆشیی وەزارەتی نەوت دەکاتەوە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی هاوڵاتییانی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عیراق.