شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق: لە 18 رۆژدا زیاتر لە 8 هەزار داواكاریی رادەستكردنی چەكی هاووڵاتییان تۆمار كراون
کەژان
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق بڵاویكردەوە، لە ماوەی 18 رۆژدا 8742 داواكاریی رادەستكردنی چەكی هاووڵاتییان لە بەغداد و پارێزگاكان تۆمار كراون.
سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق، رایگەیاند كۆی گشتیی داواكارییەكانی رادەستكردنی چەكی هاووڵاتییان لە ماوەی نێوان 3 تاوەكو 20ی تشرینی دووەمی گەیشتووەتە هەشت هەزار و 742 داواكاری، كە بەسەر چەند فەرماندەییەكی پۆلیسدا لە بەغداد و پارێزگاكان دابەش بوون.
مەعن جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامی ئەو ڕێكارانەی كە وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێیان دەكات بۆ ڕێكخستنی هەڵگرتنی چەك و تۆماركردنی داواكاریی هاووڵاتییان بەپێی ڕێنمایی و مەرجە پەسەندكراوەكان، بە شێوەیەك كە سەروەریی یاسا بەهێز بكات و پاڵپشتیی ئاسایش و سەقامگیری بێت.



