فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، هیچ دوژمنێك لەبەردەم هێزەكانیان نییە و هیچ ئاڵایەكیش لە سەرووی ئاڵای عیراقەوە نییە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە پەیامێكدا بۆ یەكە سەربازییەكان لە ناوچەی جورف سەخر رایگەیاند، ئەو ناوچەیە خاڵی دەستپێكە بۆ سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاكی عیراقدا و هێشتنەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.

هاوکات لە پەیامەکەیدا دوو راسپاردەی "دانبەخۆداگرتن و دانایی" ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، عیراق لە جەنگدا نییە و هیچ دوژمن و نەیارێک لە بەردەم هێزەكانیاندا نییە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لەوێن رۆڵەی ئەم نیشتمانەن و ئەم قۆناغە هەڵگری رۆحی لەخۆگرتنە نەک پەراوێزخستن.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری دەوڵەت نەگۆڕە بەوەی هەمووان لەناو هێزە چەكدارەكاندا لەژێر یەك ئاڵا، یەك فەرماندەیی و یەك یاسادا كۆدەبنەوە، هیچ چەكێكیش لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێت و هیچ ئاڵایەكیش لە سەرووی ئاڵای عیراقەوە بەرز ناكرێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی زەیدی سوپاسی گەلی عیراقی کردووە بۆ پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان و رایگەیاندووە، کە لە جورف سەخرەوە سەرەتای هەژمونی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاكی عیراقدا دەستپێدەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە گەندەڵییەك، ئەوەشی بە سەرەتای بونیاتنانی عیراقێكی یەكگرتوو و بەهێز و دادپەروەر ناوبردووە، كە دەستوور و یاسا حوكمی بكات.

وێنەکان ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە و عەلی زەیدی سەرپەرشتیی راستەوخۆی پرۆسەی چوونەناوەوەی هێزەکانی عیراقی بۆ جورف سەخر کرد.