لێپرسراوێكی ئەمریكا پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و داوا دەکات لەگەڵ جووڵە ئەمنییەكان لە جورف سەخر، لێپرسینەوە لە گروپە چەكدارەكانیش بكات.

تۆمی بیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات لێپرسینەوە لەو گروپە چەكدارانە بكات كە هاوپەیمانی ئێرانن و تێوەگلاون لە چالاكیی توندوتیژ و تێكدانی سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا.

وتیشی، ئەو گروپە چەكدارانە كار دەكەن بۆ لاوازكردنی سەروەری و ئابووریی عیراق و تاڵانكردنی سەرچاوەكانی لە رێگەی گەندەڵییەوە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و ئێراندا.

ئەو پەیامەی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ هەنگاوە حكومی و ئەمنییەكانی عیراق بۆ دووبارە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناوچەی جورف سەخردا لە سنوری پارێزگای بابل.