سەباح نوعمان: ئەو هێزانەی چوونەناو جورف سەخر بەتەواوی كۆنتڕۆڵی ناوچەكە دەكەن
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایدەگەیەنێت، رێوشوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردنی هێزەکان لە جورف سەخر بەباشی بەڕێوەدەچن و كەتیبەكانی حزبوڵڵا لەو ناوچەیە نامێنن.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز ئاشکرای کرد، ئەو هێزە ئەمنییانەی ئێستا چوونەتە ناو جورف سەخر، بە تەواوی کۆنترۆڵی ناوچەکە دەگرنە دەست.
ئاماژەی بەوەشکرد، كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە جورف سەخر نامێنن و رەوانەی شوێنی دیکە دەکرێن، هاوکات جەختیشی کردەوە کە سەرجەم رێوشوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردنی هێزەکان بەباشی بەڕێوەدەچن.
سەبارەت بە رەوشی هاتوچۆ و رێگاوبانەکان، سەباح نوعمان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە سبەینێ سەرجەم رێگاکان بەڕووی پارێزگای کەربەلادا بکرێنەوە.



