بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوتی عیراق لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر دەستگیركرا
ئاکام
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوتی عیراق لەسەر دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر دەستگیركرا.
میدیا عیراقیەكان بڵاویان كردەوە، عەلی عەبدولكەریم موسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوت لەسەر بنەمای دانپێدانانەكان لەبەردەم دادگا سەبارەت بە بوونی پرۆسەی قاچاخچێتی لە جورف سەخر دەستگیركرا.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە ناحیەی جورف سەخر لە باكوری پارێزگای بابل بووەتە سەرچاوەی دروستبوونی قەیرانێكی سیاسی و ئەمنیی لە عیراق، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی دەزگای هەواڵگری عیراق كە باسلەوە دەكات بۆری نەوت كون كراوە و نەوتی عیراق بە قاچاخ دەبرێت.
موسەوی لەگەڵ لیژنەیەكی حكومەتی عیراق سەردانی جەرف سەخری كرد بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت و بەپێی گرتە ڤیدیۆكان ئاماژەی بەوەكردووە، بۆرییە نەوتەكان هیچ كێشەیەكیان نییە، بەڵام دواتر لێكۆڵینەوە لە ئەویش كرا.

