ناوچەی جورف سەخر لەکوێیە و بۆچی گرنگە؟
هەساو ئەمیر
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل، ئەو ناوچەیەی بووەتە هۆی دوایین ناكۆییە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق.
جورف سەخر؛ ئەو ناوچەیەی بەهۆی گەیشتنی تیرۆرستانی داعش لە ساڵی 2014 بە دۆسیەی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی دانیشتوانە رەسەنەكەی بەناوبانگە، ئێستا بەهۆی دۆسیەی قاچاغچێتی نەوتەوە، ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و گروپی چەكداریی حزبوڵای چڕ كردووەتەوە.
لە ساڵی 2014ـدا 83 هەزار كەس لە دانیشتووانی رەسەنی ناوچەكە بەهۆی تیرۆرستانی داعشەوە ئاوارەبوون و هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر تێكشكاندنی سەربازیی داعشدا، ئێستاش ناوچەكە بووەتە مەڵبەندێكی ئەمنی داخراو و لەژێر چاودێری توندی گروپە چەكدارەكاندایە.
دوایین قەیرانی پەیوەست بە جورف سەخر بەهۆی بڵابوونەوەی راپۆرتێكی هەواڵگریی بوو كە تێیدا ئەوە پشتڕاست كرابووەوە، ساڵانە ئۆپەراسیۆنی فراوان لە ناوچەكە بۆ بەقاچاغبردنی نەوت ئەنجامدەدرێت و گروپە چەكدارەكانی ئەو ناوە هاوكاریی پرۆسەی بەقاچاغبردنەكە دەكەن.
ئەو دۆسیەیە راستەوخۆ حكومەتی عیراقی خستە جوڵە و تا ئێستا چەند فەرماندەیەكی ئەمنیش بە تۆمەتی هاوكارییكردنی بەقاچاغبردنی نەوت دەستگیركراون و فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند فەرماندەیەكی تریش دەركراوە.
حكومەتی عیراق جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستی پاراستنی سامانی گشتی و سەروەریی یاسا و رایگەیاندووە، دەبێت بەبێ هیچ لێخۆشبوون و جیاوازییەك یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێت و رێكارەكانی دەستگیركردن و لێپرسینەوە خێراتر بكرێن.
لە بەرانبەردا، حزبوڵای عیراقی دژ بە بڕیار و رێكارەكانە و باس لەوەدەكات، حكومەت ئەو دۆسیەیەی بە مەبەست دروست كردووە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە فشار لە گروپە چەكدارەكان بكات زووتر چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت بكەن.
چاودێران پێیان وایە كە ئەم قەیرانە تەنها پرسێكی ئابوری یان نەوتی نییە، بەڵكو بەشێكە لە ململانێیەكی گەورەتر لەسەر كۆنترۆڵكردنی بڕیاری دەوڵەت و سنورداركردنی چەكی گروپە چەكدارەكان، لەكاتێكدا حكومەتێ عیراق تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی 2027 كۆتایی بە دیاردەی چەكی دەرەوەی دەوڵەت بهێنێت.



