حكومەتی عیراق لە نێوان گوێڕایەڵی ئەمریكاو رووبەربونەوەی گروپە چەكدارەكان كەوتوەتەبەردەم تاقیكردنەوەیكی سەخت.

حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی لە بەردەم یەكێك لە هەستیارترین تاقیكردنەوە سیاسی و ئەمنییەكاندایە؛ بەهۆی زیادبوونی فشارەكانی  ئەمریكا بۆكۆتاییهێنان بەدۆسیەی گروپە چەكدارەكان لەلایەك و سووربوونی گروپە چەكدارەكان لەسەر بەشداریكردن لە هەر جەنگێك لەپاڵ ئێراندا لەلایەكی دیكەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە نزیكەكانی لە حكومەت کە قسەیان بۆ  رۆژنامەی مەدا كردووە، لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ  عەلی زەیدی، ترەمپ پەیامێكی روونی ئاڕاستەی بەغداد كردووە كە ئیتر بەڵێنەكان بەس نین و دەبێت حكومەت رێگری لە بەشداربوونی گروپە چەكدارەكان لە هەر جەنگێكدا لە دژی ئەمریكا بكات.

 بە پێی وتەی ئەو سەرچاوانە، زەیدی لە دوایین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە راشكاوی رایگەیاندووە، ئەگەر گروپە چەكدارەكان بچنە ناو جەنگەكەوە لە پەنای ئێران، بژاردەی دەستگیركردنیان دەگرێتە بەر، یان دەبێت رێگە بدات ئەمریكا لە ناوخۆی عیراقدا ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ.

لێدوانەكانی سەرۆك وەزیران كاردانەوەی توندی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لێكەوتووەتەوە، هەمام حەمودی، هۆشداری داوە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی رووخانی حكومەت و ئاڵقەی هەماهەنگی بە یەكەوە.

قەیس خەزعەلیش، ئاماژەی بەوە كردووە ئەگەر جەنگەكە كورتخایەن بێت گروپەكان دەستوەردان ناكەن، بەڵام ئەگەر ململانێكان درێژە بكێشن، ئەوا دەچنە ناو جەنگەكەوە.

ئەبو ئالا وەلائیش رەخنەی لە بڕیاری حكومەت گرتووە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان لەگەڵ ئێراندا، و  رادەستكردنی چەكیشی بۆ دوای جەنگ و هێنانەدی ئاگربەست هەڵپەساردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی زەیدی لە كۆبوونەوەكەدا خستوویەتیەڕوو، ، چەند سیناریۆیەك هەن لەحاڵەتی سەرهەڵدانەوەی جەنگی ئەمریكا و ئێران، یەكێك لەوانە بەكارهێنانی خاكی عیراقە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بۆ چوونە ناو باشووری ئێران، لەگەری فشاری ئێران بۆ بەكارهێنانی پارێزگای بەسڕە بە مەبەستی چوونە ناو خاكی كوەیت.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن دانوستانەكانی رادەستكردنی چەك گەیشتوونەتە بنبەست، تەنها شبل زەیدی فەرماندەی كەتیبەكانی ئیمام علی ئامادەیی نیشانداوە بۆ رادەستكردنی چەك، گروپەكانی دیكە رادەستكردنی چەكیان بەستووەتەوە بە مەرجی قورس وەك گۆڕینی فەرماندەكان و بەستنەوەیان بە  دامەزراوە ئەمننیەكان زیاتر رێكخستنەوەی رووكەشە نەك دەستبەرداربوونی راستەقینە لە چەك.

هاوتەریب لەگەڵ پرسی چەك، زەیدی دەستیكردووە بە كەمكردنەوەی هەژموونی ئابووری و ئەمنیی كەتیبەكانی حزبوڵا لە دامەزراوە حكومییەكاندا، لەوانە دوورخستنەوەیان لە دەستەی پیشەسازیی جەنگی، لە بەرانبەردا، حزبوڵای عیراق  بە هێرشی راگەیاندن و پرسیاركردن لە سەرچاوەی سامانی سەرۆك وەزیران وەڵامی داوەتەوە.