لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەشی هەرێم و بەغداد گەیشتە كۆرمۆر
ئوسامە ئەبوبەکر
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ئاسان جەلال - پەیامنێری کوردسات نیوز
بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش گەیشتە كۆرمۆر.
بە فەرمانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لیژنەیەكی ئاسایشیی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێكهێنرا و رەوانەی شوێنی رووداوەكە كرا.
ئاسان جەلال پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە ئێستادا لیژنەكە لە ناو كێڵگەی كۆرمۆرن و دەستیان بە بەدواداچوونەكانیان كردووە، بڕیاریشە لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكانیاندا راپۆرتێكی ورد لەسەر هۆكار و شێوازی هێرشەكە ئامادە بكەن و رادەستی سەرۆك وەزیرانی عیراقی بکەن.
لەم بارەیەوە، نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە راگەیەندراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە فەرمانی دروستکردنی ئەم لیژنە هاوبەشە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی لایەنە بەرپرسەكان و وردەكاریی پەلامارەكەی شەوی رابردوو بووە.
هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە رابردوودا زنجیرەیەكی درێژی هەبووە؛ بەجۆرێك لە ساڵی 2022ـەوە زیاتر لە 27 جار بە درۆن و مووشەك بۆردومان كراوە، هەرچەندە لە سەروبەندی بەشێك لەو هێرشانەدا لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراون، بەڵام تا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارانە بە رەسمی بە رای گشتی رانەگەیەندراون.


