بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی نەخۆشخانەی "هیوای گەورە" لە سلێمانی بنیات دەنرێت
بڵند
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی و بەمەبەستی ئەنجامدانی ئامادەکاری بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی "نەخۆشخانەی هیوای گەورە"، کە بڕیارە بێتە گەورەترین سەنتەری چارەسەرکردنی شێرپەنجە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەفدێکی فەرەنسی گەیشتنە شاری سلێمانی.
نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، وەفدێکی فەرەنسی سەردانی سلێمانیان کردوە و پێکەوە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی، نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) و نەخۆشخانەی هیوا تاوتوێی داڕشتنی پلانێکی تۆکمەیان کردوە بۆ دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە سلێمانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەفدەکە لە نزیکەوە سەردانی ئەو زەوییەیان کرد لە پارکی هەواری شار کە بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە، کە بڕیارە بەپێی بەرزترین ستانداردە جیهانییەکان بونیاد بنرێت.
هاوكات جەخت لە پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست کرایەوە بۆ خێراکردنی رێکارە کارگێڕییەکان تا بە زووترین کات بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆردێکی پشتیوانی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنرا.
لای خۆشیانەوە وەفدە فەرەنسییەکە ستایشی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەی هیوایان کرد و بەڵێنیاندا تەواوی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنی خێرای پڕۆژەکە بخەنە گەڕ.


