بەهۆی سوكایەتیكردن بەئاڵای ئەمریكا چوار ئەفسەری عیراق لە کارەکانیان دوورخرانەوە
کەژان, ساکۆ سمکۆ
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەهۆی سوكایەتیكردنی بە ئاڵای ئەمریكا، چوار ئەفسەری عیراق لەسەر كارەكەیان لادران و ئەنجومەنێكیش بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوە پێكهێنراوە.
بەپێی نووسراوێك كە لەمیدیاكانی عیراق بڵاوبووەتەوە، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی چوار ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە پۆستەكانیان.
هەر لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو چوار ئەفسەرە بەهۆی کەمتەرخەمیکردن لە رێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئەنجومەنێكیش بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەمتەرخەمیان و رێگەدان بە ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ سوكایەتیكردن بەئاڵای ئەمریكا پێکدەهێنرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لە چواری ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، ئەو كەسانەی تێوەگلاون لە دەستدرێژی كردنەسەر ئاڵای ئەمریكا لە كاتی ئاهەنگی رۆژی سەروەریدا، دەستگیركراون.



