پاکستانی گەنجێکی وڵاتەکەی دەستگیرکرد، بە فێڵ زیانی 126 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکا داوە
بڵند
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ئاژانسی ئەسۆشێد پرێس بڵاویکردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی پاکستان هاووڵاتییەکی تەمەن 33ساڵیان دەستگیرکردوە، کە تۆمەتبارە بە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی فرۆشتنی مۆری پۆستی ساختە، کە بە بڕی 126ملیۆن دۆلار زیانی بە ئیدارەی پۆستی ئەمریکا گەیاندوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هاوڵاتییەکەی ناوی فەهیم ئەکرەمە و دانیشتوی شاری پەنجابی پاکستانە، دوای چەند هەفتە گەڕان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پاکستانەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دۆسیەکە، فەهیم ئەکرەم ماڵپەڕێکی بە ناوی «LabelsBank.com» بەڕێوەبردووە و تیایدا زیاتر لە 5.1 ملیۆن مۆری پۆستی ساختەی بە نرخی تەنها دوو دۆلار بۆ هەر دانەیەک بە زیاتر لە 5200 کەس فرۆشتووە.
ئەم مۆرانە بە بێ چاوپۆشیکردن لە کێش، قەبارە یان شوێنی مەبەستی پاکەتەکە بە هەمان نرخ دەفرۆشران ورێگەیان بە کڕیاران دەدا شتومەکەکانیان بە تێچویەکی زۆر کەمتر لە نرخی رەسمی بنێرن بۆ ئەمریکا و ئیدارەی پۆستی ئەمریکا خەرجیی گواستنەوەکەی لە ئەستۆ گرتوە.
ئەم بڕە پارهیەی کە زیاتر لە 126 ملیۆن دۆلارە، تەنها خەمڵاندنی ئەو زیانەیە، کە بەر پۆستی ئەمریکا کەوتووە و داهاتی راستەقینەی ماڵپەڕەکە نیشان نادات.
دەستەی سوێندخۆرانی فیدراڵی لە فلوریدا تۆمەتی وەک پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە حکومەتی ئەمریکا، دروستکردن و فرۆشتنی مۆری پۆستی ساختەی خستوەتە پاڵ ئەکرەم و ماڵپەڕەکەشی بە بڕیاری دادگا داخراوە.
تا ئێستا بە تەواوی رون نییە، کە هاووڵاتییە پاکستانییەکە رادەستی ئەمریکا دەکرێت یان لە ناوخۆی پاکستان دادگایی دەکرێت و تا ئێستاش لە دادگا تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ نەبوەتەوە.


