لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە سنوری بەردەڕەش شۆفێرێکی خەڵکی تورکیا سووتا و گیانی لەدەستدا
ساکۆ سمکۆ
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی کەڵەک بۆ بەردەڕەش، بەهۆی پێکدادانی دوو بارهەڵگرەوە ئاگر کەوتەوە و شۆفێرێک گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو بارهەڵگر لە جۆرەکانی تانکەر و ترێلە، کە دەستبەجێ ئاگر لە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بەربووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەستبەجێ دوو تیمی بنکەی بەرگریی شارستانیی کەڵەک گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئەوەشی ئاشکراکرد، شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان کە هاووڵاتییەکی خەڵکی تورکیایە، بەهۆی سەختیی روداوەکەوە بەتەواویی سوتاوە و گیانی لەدەستداوە.


