وەزارەتی گواستنەوەی عیراق پلانێكی گشتگیر بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە بازرگانییە دەریاییەكان لە رێگەی كەنداوی عەرەبی لە بەندەری جەبەل عەلییەوە بەرەو بەسرە رادەگەیەنێت، پاش ئەوەی دەیان ساڵ بوو ئەو هێڵە پەكی كەوتبوو.

ئەحمەد جاسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیا رەسمییەكان ئاشكرای كرد ئامادەكارییەكان تەواو كراون بۆ دەستپێكردنی یەكەمین گەشتی كەشتییە بازرگانییە نیشتمانییەكان لە بەندەری جەبەل عەلیی ئیماراتەوە بەرەو بەندەرەكانی پارێزگای بەسرە.

روونیشیكردەوە: ئەم هەنگاوە بووژانەوەی رێڕەوێكی ستراتیژیی كەشتیوانییە دەیان ساڵ بوو لە خزمەتگوزاری دەرچووبوو.

ئاماژەی بەوە كرد: كاراكردنەوەی ئەم هێڵە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تێچووی گواستنەوەی كاڵاكان و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عیراق و بەندەرەكانی ناوچەكە، لە هەمان كاتدا دەسەڵاتی دەریایی عیراق سەرقاڵی دانانی دەروازەیەكی ئەلیكترۆنیی نوێیە بۆ تۆماركردن و پێدانی ناسنامەی رەسمی بە دەریاوانان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.