تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لە بەغداد رویدا و بەو هۆیەوە چەند چەکدارێکی ئەو گروپە برینداربوون و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عیراقیش بڕیاریدا بەپەلە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بکرێت. 

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی بەسەرچوودا لەناو یەکێک لە بارەگاکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی بەغداد رویدا، بەڵام هیچ کەسێک بەهۆی روداوەکەوە گیانی لەدەستنەدا.

هاوکات، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق بڕیاریدا بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت، بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری دروستبوونی تەقینەوەکە و جەختیشی لە گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنە پێویستەکان کردەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، روودانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بنکە و کۆگاکانی چەک لە عیراق بووەتە دیاردەیەکی باو و زۆرجار هۆکارەکانیان بەنادیاری دەمێننەوە، پێشتریش بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە کرابوونە ئامانج.