ئاژانسی رۆیتەرز: عیراق دەیەوێت مریشك لە چینەوە هاوردە بكات
هەساو ئەمیر
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لەگەڵ دابەزاندنی بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر دۆلار و كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و شتومەك، عیراق دەیەوێت مریشك لە چینەوە هاوردە بكات.
لە راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزدا هاتووە، كۆمپانیای وێنتۆپی چینی لەم دواییانەدا چەند داواكارییەكی بۆ كڕینی مریشك لەلایەن بازرگانانی عیراقەوە پێگەیشتووە.
لێپرسراوانی كۆمپانیاكە ئەوەیان خستووەتە روو: بەرهەمەكانیان خاوەن كوالێتییەكی بەرزە و لە ریزبەندی ركابەرەكانی جیهاندان بۆ هەناردەی مریشك، هاوكات نرخیان گونجاوە و ئەوەش دەتوانێت مریشك بە نرخێكی هەرزانتر بۆ بازاڕەكانی عیراق دابین بكات.
ئەگەر گرێبەستی كۆمپانیاكانی عیراق سەر بگرێت، ئەوا لەپاڵ روسیا و ئوردون و گانا، عیراقیش دەبێتە یەكێك لە هاوردەكارانی مریشكی چین.
كۆمپانیای وێنتۆپی چینی ساڵانە نزیكەی 60 ملیۆن مریشك دەخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە و بەرهەمەكانی بۆ 20 وڵاتی جیهان دەنێرێت.



