لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا دەكرێت هاوشێوەی دەستەی دەستپاكی، دەستەیەكیش بۆ چاودێریكردنی نرخی خۆراك و دەرمان دابمەزرێنرێت.

حامید موسەوی ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە دەركردنی یاسا پشتیوانی لە رێوشوێنەكانی حكومەتی عیراق بكرێت بۆ پاراستنی ئابووری وڵات.

وتیشی، پێویستە بە یاسا رێگریی بكرێت لە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخی خۆراك و دەرمان و هەر بە یاساش دەستەیەك دابمەزرێنرێت بۆ چاودێریكردنی نرخی خۆراك و دەرمان لەناوخۆی عیراقدا.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دەستەیە كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای دامەزراندنەكەی كراوە، پێویستە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بۆ پابەندكردنی سەرجەم لایەنەكان بە بڕیارەكانی حكومەتی عیراق.