پێدانی کارەبا لە هەرێم کەمدەبێتەوە
بڵند
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایدەگەیەنن؛لە سەعات 12ـی ئەمشەوەوە بەهۆی کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە لایەن کۆمپانیای داناغازەوە، بۆ ماوەی چوار رۆژ پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی کارەبا و سامانە سروشتییەکاندا هاتووە؛ هۆکاری کەمبونەوەی پێدانی کارەبا، دەستکردنە بە قۆناغی دووەمی چاکسازییەکانی کۆمپانیای داناغاز، لە کێڵگەی کۆرمۆر.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەمبونەوەکە بۆ ماوەی چوار رۆژە و بەرهەمهێنانی غاز لە 520 ملیۆن پێ سێجا بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەمدەبێتەوە و بەمەش بڕی 1070 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە.
دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدرێت و دوو وەزارەتەکە دەڵێن؛ هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت و دڵنیایی دەدەن، کە ئەم کەمبونەوەی غازە کاریگەری لەسەر غازی ماڵان نابێت.


