لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، بەریتانیا قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ بەغداد دەستپێدەکات.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان بەریتانیا و عیراق دەچنە قۆناغێکی نوێوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق  بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و هێزەکانی هاوپەیمانان - لە نێویاندا هێزەکانی بەریتانیا - دەستیان بە کشانەوە کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە ئەنجامدانی راهێنان، راوێژکاری و بەهێزکردنی تواناکان، هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانیویانە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە تەواوی خاکی عیراق بەدەستبهێنن، لە ئێستاشدا هێزە ناوخۆییەکان لە ئامادەیی تەواودان بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی یەکەم و سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی وڵات لە ئەستۆ بگرن.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشکراشیکرد، وەک بەشێک لە پرۆسەی رێکخستنەوەی نوێی ئاسایشی بە سەرکردایەتیی حکومەتی عیراق، هێزەکانی هاوپەیمانان کشانەوە، بەهێزبوونی توانای هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری عیراق رێگەی خۆشکردووە بۆ گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەمەش لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان بۆ هاوکاریی درێژخایەنی ئاسایشی بە سەرکردایەتیی عیراق دەستپێدەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر داوای حکومەتی عیراق، هێزەکانی بەریتانیا راهێنانیان بە زیاتر لە 111 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە، کە زیاتر لە 21 هەزار پێشمەرگەی کوردستان لەخۆدەگرێت، راهێنانەکان لە بوارەکانی پیادە، چاککردنەوەی چەک، هەڵوەشاندنەوەی بۆمب و مادە تەقێنەرەوەکان، تەندروستی و ئەندازیاریی سەربازیدا بوون.

بەرگریی بەریتانیا راشیگەیاند، هاوکات هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا بە فڕۆکەی (RAF) هەزاران فڕینی ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 300 ئامانجی داعشی پێکاوە، بێجگە لە دابینکردنی زانیاریی هەواڵگری و چاودێری بۆ پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی هێزە عیراقییەکان.

بەریتانیا جەخت لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی وعیراق دەکاتەوە بەرەو هاوبەشییەکی دووقۆڵیی درێژخایەن لە باری بەرگریدا، دەشڵێت؛ ئەم هاوبەشییە نوێیە سەرنج دەخاتە دەکاتە سەر هاوکاری لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پەروەردەی سەربازی، پەرەپێدانی تواناکان، هاوکاری لە پیشەسازیی بەرگری و پاراستنی بەرژەوەندییە ئاسایشییە هاوبەشەکان.

هەروەها وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پابەندبوون سەقامگیریی عیراق و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی و پروپاگەندەی رێکخراوە تێرۆریستییەکان نیشاندا.