قوباد تاڵەبانی داوا دەكات هاوكارییەكانی كۆریای باشور لە هەرێم تەنها بۆ شارە گەورەكان نەبێت، بەڵكو قەزا و ناحییەكانیش بگرێتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە هەولێر پێشوازیكرد لە گیۆ شیم كونسوڵی نوێی كۆریای باشوور لە هەرێم و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاریی و هەماهەنگییەك بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور، داواشیكرد، هاوكارییەكانی كۆریای باشور تەنها بۆ شارە گەورەكان نەبێت، بەڵكو قەزا و ناحییەكانیش بگرێتەوە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی پرۆژەی گەشەپێدانی ناوچەییدا هاوكاری دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین بكرێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی داوایكرد حكومەتی كۆریای باشور لە راهێنان و گواستنەوەی شارەزایی و ئەزموندا هاوكاری دەزگای "هەب فاوندەیشن" بكات، خۆشحاڵیشی دەربڕی لە رێكخستنی فێستیڤاڵی كلتووریی كۆریا كە بڕیارە مانگی داهاتوو لە سلێمانی لەلایەن كونسوڵخانەی كۆریای باشورەوە بەڕێوەبچێت.