عەلی زەیدی: بڕیاری ئەمنی و سەربازیی عیراق بە تەواوەتی بووەتە نیشتمانی
محەمەد رزگار
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئامادەکاری و ئەرکە سەربازی و ئاسایشییەکانی هێزە چەکدارەکان لە قۆناغی دوای تەواوبوونی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاتنەدی سەروەریی تەواوەتی نیشتمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی تاوتوێی رێکخستن و پلانە بەرپرسیارەکان کرا بۆ بەهێزکردنی توانای دامەزراوە سەربازییەکان، بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە، لەمڕۆدا بڕیاری ئاسایشی و سەربازی بە تەواوەتی بووەتە بڕیارێکی نیشتمانی و تایبەت بە دامەزراوە رەسمییەکانی دەوڵەت، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئاماژەی بە پێویستیی هۆشیاری و ئامادەیی بەردەوام، بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم دەزگا ئاسایشییەکان، نوێکردنەوەی پلانەکان و پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای هاوچەرخ دا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.
هاوکات، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەرکە هەواڵگرییەکان و پشتیوانیکردنی کردەوە پێشوەختەکان کردەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی وتاری توندڕەوی و هاندانی تایفی کە یەکێتیی گەل و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی دەستەی پیشەسازیی جەنگی دا لەم قۆناغەدا، لە رێگەی دروستکردنی هاوبەشیی بەرهەمهێنان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە تایبەتمەندەکانی بواری چەک و کەلوپەلی سەربازی، وتیشی، حکومەت بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی هاوبەشیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەش.



