پۆلیسی هەولێر: ئەو بەنزینەی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت هۆکاری سەرەکیی سووتانی ئۆتۆمبێلە
دیلان
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، فرۆشتنی بەنزین بە شێوەی نایاسایی لەسەر شەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکانی تاقگە، دەرکەوتووە ئەو ماددەیەی بە ناوی بەنزینەوە لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت، تێکەڵەیەکە لە نەفتا و چەند ماددەیەکی تر و بڕێکی کەم بەنزین.
ئاشکراشیکرد، بەکارهێنانی ئەم تێکەڵەیە مەترسیدارە و هۆکاری سەرەکیی سووتانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کارەساتی نەخوازراوە.
لە کۆتایی رونکردنەوەکەدا، پۆلیسی هەولێر هۆشداریشیدا، لەمەودوا هەرکەسێک ئەو کارە بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپرسینەوەی توند دەکرێتەوە.


