قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جەختکرایەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە کە لە ئاستی ئیدارەدانی قۆناغەکەدا بێت.

سەبارەت بە رەوشی سیاسیی عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، باس لە پێویستیی پێکەوەکارکردن و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ کرا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی ئابوری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتییان.