عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی کرد لە نێوان فەرماندە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەفدێکی پلەبەرزی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەماهەنگیی مەیدانی و بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی دەروازە سنوورییەکان و کاری یەکە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران بە مەبەستی تۆکمەکردنی کۆنتڕۆڵ و رێگریکردن لە قاچاغچییەتی و دزەکردن.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان کرایەوە لە بوارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان، جێبەجێکردنی میکانیزمی نوێ لە ناوەندەکانی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ زوو ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان.

بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی جەختی لە گرنگیی رێکخستنی کارە لەپێشینەکان کردەوە، بە تایبەت پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی هاوبەش، رادەستکردنەوەی داواکراوان به دادگا، لەگەڵ فراوانکردن و قووڵکردنەوەی کاری هەواڵگری لە نێوان بەغداد و هەرێمدا.

لە کۆتاییدا، سەرنجەکانی سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانە مەیدانییەکان خرانە روو، کۆبوونەوەکەش بە دەرکردنی چەند راسپاردەیەک کۆتایی هات کە ئامانجیان بەهێزکردنی تەواوکاریی ئاسایشی و یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی سەقامگیری.