نزار ناصر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، گۆڕینی دراوی نیشتمانی لە دەسەڵاتی راستەوخۆی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام پرۆسەی سڕینەوەی سفرەکان لە دراودا پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک شارەزای بواری ئابووری، پارێزگاری بانکی ناوەندی روونی کردەوە کە چاکسازییەکانی کەرتی بانکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای "ئۆلیڤەر وایمان" بەردەوامن و وتی: لەمه‌و بەدواوە هیچ سزایەک لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە بەسەر کەرتی بانکیدا ناسەپێنرێت، چونکە بڕوای نێودەوڵەتی بە بەنکی ناوەندی زۆر بەرزە.

حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو حەوت بانکەی کە رێگەیان پێدراوە بە دراوی جگە لە دۆلار مامەڵە بکەن، بەم زووانە دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.

دەربارەی رەوشی بانکی تەیف وتی: زۆربەی پارەی سپێردراوان لە بانکی تەیف پارێزراون، لە حاڵەتی رودانی هەر کورتهێنانێکدا بانکی ناوەندی دەستوەردان دەکات.

پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەوەش کرد: وەبەرهێنانەکانی عیراق لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، چونکە وەک پەناگەیەکی ئارام دادەنرێت و تاقە وڵاتە کە پارێزبەندیی داوەتە عیراق، لە کاتێکدا مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە وڵاتانی تردا زۆر گەورەن.

دەربارەی بڕی دراوی نەقدی لە بازاڕدا، ئاشکرای کرد: کۆی بارستەی نەقدی دەرچوو گەیشتووەتە 107 تریلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت نزیكەی 40 تریلیۆن دینارە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: کابینەی ئێستای حکومەت بە فکری کەرتی تایبەت بەڕێوە دەبرێت و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە باشکردنی وێنەی عیراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها ئاماژەی بە دەستپێشخۆریی نوێی قەرزدان کرد بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژە گرنگ و حەیاتییەکان.