وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی سامانەکانی ئاژەڵ و کەرتی تایبەت، کۆمەڵێک رێکاری بەپەلە و چڕی بۆ راگرتن و دابەزاندنی نرخی گۆشت و هێلکەی خواردن لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دەستپێکرد.

قوسەی ئەلحەتتاب، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: هەنگاوەکان جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر و پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ دەکەنەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.

روونیشیکردەوە: رێکارە ئیدارییەکان ئاسانکراون و مۆڵەتەکان نوێکراونەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە رۆتین بکرێت و بەرهەمهێنان بەردەوام بێت.

ئامارە رەسمییەکانی وەزارەت ئاستی کورتهێنانی بەرهەمهێنان دەخەنە روو بە شێوەیەک: عیراق ساڵانە پێویستی بە نۆ ملیار هێلکە هەیە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی ناوخۆ پێنج ملیار هێلکەیە.

گۆشتی پەلەوەر: بەرهەمهێنانی راستەقینە لە ساڵی 2026دا گەیشتووەتە 400 هەزار تۆن، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی وڵات 900 هەزار تۆنە.

وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت دەکاتەوە کە بە ئاسانکاریی گومرگی و پشتیوانیکردنی راستەوخۆی پڕۆژەکان کار بۆ پڕکردنەوەی ئەم فەجوەیە و دابینکردنی کالاکان بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان دەکات.