سێنتکۆم لێکۆڵینەوەیەی دەستپێکردوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سنوری پارێزگای هورمزگان، کە پێنج کوژراو و 67 برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، ئەمریکا لە رێگەی پێداچوونەوە بە تۆماری فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان و رێکارەکانی دەستنیشانکردنی ئامانجەکان لە ئێستادا سەرقاڵی بەدواداچونن بۆ روداوەکە.

ئەکسۆس ئاماژەی بەوەکردوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر دوو ئەگەری سەرەکی دەکرێن؛ کە ئەمریکا بەهەڵە شوێنەکەی کردوەتە ئامانج و دوەمیش، ئەوەیە موشەکی بەرگریی خودی ئێران لە شوێن روداوەکە کەوتبێتە خوارەوە.

لەبارەی روداوەکەوە،  جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وتەبێژی سێنتکۆم جەختیان کردەوە٫، سوپای ئەمریکا بە مەبەست مەدەنییەکان ناکاتە ئامانج و بە تەواوی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە شەش مانگ بەسەر بۆردومانکردنی خوێندنگەی میناب تێپەڕیوە، کە ئەمریکا بۆردومانی کرد و 155 منداڵ تێیدا کوژران و تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کۆتایی نەهاتووە.