حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، 33 گەنجی دیکەی کورد کە هەندێکیان رووبەرووی مەترسسی مردن بوونەتەوە، لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێم.

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەم گەنجانە بەهۆی کۆچی نایاساییەوە تووشی رەوشێکی سەخت ببوون و هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە زیندانەکانی لیبیادا مابوونەوە و رووبەرووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، پێویستە گەنجان و خانەوادەکانیان خۆیان بپارێزن لە گرتنەبەری رێگای کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، چونکە ئەم جۆرە کۆچە دەبێتە هۆی پێشلێکردنی یاسای وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە رەوشە جیاوازە سەختەکانەوە رزگار بکات و بیانگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.