دوای 10 رۆژە فارمەندەیی سێنتكۆم كۆتایی بە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست هێنا
١٦ی ئابی ٢٠٢٦
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا سەردانی شەش وڵاتی ناوچەكەی كرد لە نێویاندا عیراق.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند: براد كۆپەر، فەرماندەی سێنتكۆم، سەردانێكی 10 رۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتاییپێهێنا.
وتیشی: لەو گەشتەدا سەردانی شەش وڵاتی ناوچەكەی كردووە، ئەمە جگە سەردانی كەشتیی جەنگیی "یو ئیس ئیس ئابراهام لینكۆڵن"ی كردووە ئەمەش بە دووەم سەردانی كۆپەرە دادەنرێت بۆ سەر ئەو كەشتییە لەمساڵدا.
بەپێی راگەیەندراوی سێنتكۆم، لە ماوەی گەشتەكەیدا، كۆپەر لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای مەدەنی و سەربازیی وڵاتانی بەحرێن، عیراق، ئیسرائیل، ئوردن، سعودیە و ئیمارات كۆبووەتەوە.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەشكردووە كە فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا كاتی لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكانی ناوچەكە بەسەر بردووە؛ كە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریكی لە بەشە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیركراون.



