وەفدێكی باڵای حەماس بە سەرۆكایەتیی خەلیل حەییە گەیشتە قاهیرە بۆ تاوتوێكردنی چەسپاندنی ئاگربەستی غەززە.

میدیا عەرەبیەكان بڵاویانكردەوە، سەركردایەتیی بزووتنەوەی حەماس، بە سەرۆكایەتیی خەلیل حەییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكە، لە یەكەم سەردانیدا بۆ میسر لە دوای وەرگرتنی پۆستەكەی، گەیشتە قاهیرە.

راشیانگەیاند، ئامانجی سەردانەكە ئەنجامدانی دانوستانە لەگەڵ لێپرسراوی میسر و لە سەروویانەوە حەسەن رەشاد، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر، سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی دۆزی فەلەستین و بەتایبەتی جێگیركردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە.

ئەم سەردانەی حەماس لە كاتێكدایە كە هەوڵەكانی میسر بۆ جێگیركردنی ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام ناكۆكیی قووڵ لەسەر جێبەجێكردنی قۆناغەكانی دواتری رێككەوتنەكە دروست بووە، بە تایبەتیش رەتیكردنەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ پلانی 15خاڵییەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە غەززە.