سەرەرای بریارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، نرخی بەنزین هەر وەك خۆی بە بەرزی ماوەتەوە نەگۆڕاوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، خاوەن بەنزینخانەكان پێیان راگەیاندوە تا ئێستا بڕیارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان روون نیە و چاوەرواندەكرێت لە رۆژی یەك شەممەوە چۆنێتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم روونببێتەوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وزاریدا بڕیاردا، پاڵپشتی دارایی بۆ بەنزینی بازرگانی لە جۆری نۆرماڵ دابین بكات بۆ ئەوەی لە بەنزینخانەكاندا لیتری بە 750 دینار بفرۆشرێت و نرخەكەی جێگیر ببێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە: جیاوازیی نێوان ئەو نرخە و نرخی راستەقینەی بەنزینی نۆرماڵ لە  بازاڕەكاندا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین دەكرێت و دابەشكردنی بەنزینەكەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان دەبێت. 

سامانە سروشتییەكان جەختی لەوەش كردووەتەوە: فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە كە 13ی 8ی 2026ە كاری پێدەكرێت و دەشبێت كوالێتیی بەنزینەكە بەپێی رێنماییە تەندروستی و ژینگەییەكان بێت.