لیژنەی دارایی پەرلەمان: وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکردنی بودجەی 2027 کردووە
سەوسەن سەید
١٤ی ئابی ٢٠٢٦
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی راستەوخۆ دەستی بە ئامادەکارییەکانی دارشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 کردووە، هاوكات ئاشکرای کرد کە هەفتەی داهاتوو یاسای بەخشین و قەرزکردن لە پەرلەمان دەخوێنرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایکرد، لە سەردانێکدا بۆ لای سەرۆک وەزیران رێککەوتن لەسەر چەندین پرسی گرنگ کراوە، لەوانەش ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
روونیشی کردەوە: وەزارەتی دارایی ستراتیژیەتی بودجەی بە بەشداری لیژنەی دارایی، چەند وەزارەتێک و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە.
باسی لەوەش کرد، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پێویستە تاوەکو 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، بە مەبەستی رێکخستنی سەقامگیریی دارایی، دیاریکردنی نرخی دۆلار، نرخی بەرمیلی نەوت و میکانیزمەکانی هەناردەکردن.
سەبارەت بە دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە: بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە وڵات لە بارودۆخێکی دارایی سەختدایە، بەڵام هیواخوازن کێشەی پلەبەرزکردنەوە و موچەی فەرمانبەران لە ناو بودجەی نوێدا چارەسەر بکرێت.


