رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، کە رۆژنامەیەکی ئەمریکییە، ئاشکرای کردوە، ژمارەیەک لە جەنەڕاڵەکانی ئەمریکا وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیان ئاگادار کردوەتەوە، لە ئێستادا  توانای پاراستنی ئیسرائیلیان نییە، ئەگەر ئێران هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە.

ئەو سەرچاوەی قسە بۆ رۆژنامەکە کردوە وتویەتی، لە ئێستادا بەهۆی کەمیی کەشتی جەنگییەوە، توانای پێویستیان نییە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پاراستنی ئیسرائیل لە موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران.

ئەلێکسۆس گرینکوویچ، کە فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەوروپا، ئەو کەسەیە هۆشدارییەکەی داوەتە پنتاگۆن و  رایگەیاندووە، بێ دابینکردنی کەشتییەکی تری جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناچار دەبن، لە کاتی هێرشيکانی ئێراندا، تەنها بەرگری لە هێزەکانی خۆیان بکەن، نەک ئیسرائیل.

گەرچی تا ئێستا پنتاگۆن، ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک بدات، لەسەر ئەم راپۆرتەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەڵام لێپرسراوێکی تری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش،راگەیاندووە، هۆشدارییەکەی گرینویچ لە جێی خۆیدایە و لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هێرشەکاندا توانای پێویستیان نییە بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر موشەکە بالیستییەکانی تاران.