حەماس و لایەنەکان لەسەر خشتەی کاتیی کۆکردنەوە و سەرژمێریکردنی چەک لە غەززە رێککەوتن
سەوسەن سەید
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەپێی رەشنووسی بەڵگەنامەیەک کە بزووتنەوەی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکان لەسەری رێککەوتوون، پرۆسەی سەرژمێریکردن و کۆگاکردنی چەک لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی پلەبەند و بەرنامەڕێژکراو لە چوارچێوەی رێڕەوێکی گشتگیردا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی ئاشتی دەست پێدەکات.
بەپێی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە ئامادەکردنی خشتەی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریکردنی چەک لە ماوەی چواردە رۆژدا دەبێت و درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەش بەند دەبێت بە بڕیاری کۆمیسیۆنی پشکنینی نێودەوڵەتی و رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان لەسەر نەخشەی رێگا.
تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە کەرتی غەززە بە تەنیا دەسپێردرێت بە کۆمیسیۆنی نیشتمانی، لە کاتێکدا لایەنە فەلەستینییەکان بەشداری لە سەرژمێرییەکەدا دەکەن و کۆمیسیۆنی پشکنینی نێودەوڵەتی بە پاڵپشتی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی چاودێریی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان دەکات.
دەستپێکردنی ئەم رێکارانە مەرجدار کراوە بە چوونی کۆمیسیۆنی نیشتمانی و بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەقامگیری لە کەرتی غەززە لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی پابەندبوونی بڕگەکانی پرۆتۆکۆلی شەرم شێخ، کە لە چەکە قورسەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانی سەربازی و کۆگاکان و تونێلەکانەوە دەست پێدەکات.
رەشنووسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ چەکێک رادەستی ئیسرائیل یان هیچ لایەنێکی ناوفەلەستینی بکەرێت، هەروەها هەنگاوەکانی حەسری چەک دەبەستێتەوە بە کشانەوەی پلەبەندی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی رێڕەوێکی جێی متمانە بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.



