وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد تۆتونچی، باڵیۆزی ئێرانی لە دەوڵەتی کوەیت بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی رادەست کرد، بەهۆی ئەوەی ئێران ئێوارەی دوێنێ دووشەممە کەشتیی نەوتهەڵگری کوەیتیی لە کاتی تێپەڕبوونی لە گەروی هورمز کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە کارمەندانی کەشتییەکە بریندار بوون.

راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوە لە سەرچاوەی حەمەد سلێمان ئەلمەشعان، جێگری وەزیرەوە بڵاویکردووەتەوە کە وتوویەتی: ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە لە سایەی پەرەسەندنی ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایەدا دێت کە ئێران لە 28ی شوباتی 2026ەوە دژی دەوڵەتی کوەیت دەستی پێکردووە، لەنێویشیاندا ئەو بەیاننامە هاندەر و پارپێکهێنەرانەی لە لایەنی ئێرانییەوە دەردەچن. ئەمەش بەپێشێلکارییەکی زەق بۆ سەروەریی دەوڵەتی کوەیت و سەلامەتیی خاک و بەرژەوەندییەکانی، و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، و بەزاندنی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ژمارە 2817ی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی ئاسایش دادەنرێت.

ئەو بەرپرسەی کوەیت جەختی لەسەر داواکاریی وڵاتەکەی لە ئێران کردەوە بۆ راگرتنی دەستبەجێی هێرشە نایاساییەکانی، هاوکات جەختیشی کردەوە: دەوڵەتی کوەیت مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان، و ئێرانی بە بەرپرسیاری تەواوەتیی ئەم دەستدرێژییە و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر دەوڵەتی کوەیت هەژمار کرد.