پزشکیان: موجتەبا خامنەیی جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" کردووەتەوە
سەوسەن سەید
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، کە دوژمنانی وڵاتەکەی لەرێگەی بەئامانجگرتنی ژێرخانەکانەوە هەوڵیان داوە ئێران بڕوخێنن، بەڵام یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی ناوخۆیی پلانەکانیانی پووچەڵکردووەتەوە.
پزشکیان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی" کراوەتەوە. ئاشکراشی کرد کە سەرجەم بڕیارە جێبەجێکارییەکان لە وڵاتدا بەپێی رێنماییەکانی رابەری باڵا دەدرێن.
سەبارەت بە پرسی دانوستانەکان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردث: دەستکەوتەکان لە دانوستانەکاندا لە ئاستی چاوەڕوانییەکان زیاتر بووە، بەڵام واشنتۆن پێبەندی بەڵێنەکانی نەبووە و هەڵوێستەکانی پێشێل کردووە.
ڕوونیشی کردەوە: لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکاندا جەختمان لەسەر کردبوونەوەی تەنگەی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت کردبووەوە، بەڵام لایەنی بەرانبەر پابەند نەبوو.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزشکیان رەخنەی لە هەندێک هەڵوێستی ناوخۆیی گرت و رایگەیاند، هەندێک لێدوانی ناوبازاڕ و نەپێوراو لە ناوخۆدا هەوڵی بچووککردنەوەی دەستکەوتەکانی دانوستانەکان دەدەن، داواشی کرد کە ماندووبوون و هەوڵەکانی تیمی دانوستانکار بە پەراوێز نەخەرێن.



